US Agency for Global Media

News and Information from Around the World

Clear all
3 Sep 2026, 17:40 GMT

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە،3ی مانگی نۆ بە ڕەتکردنەوەی ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن چەکی ئەمەریکا لە میانەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی کۆماری ئیسلامی ئێراندا کەمی کردووە، وتی "ئەمەریکا بڕێکی بێسنوور چەکی هەیە و بەرهەمهێنان و عەمبارکردنی چەکیشی زیاد کردووە." سەرۆک ترامپ لە دوو پۆستی یەک لە دوای یەکدا لە پلاتفۆرمی تروث سۆشیال، بە توندی ڕەخنەی لەو میدیا و ئەو کەسانە گرت کە باس لە کەمبوونەوەی چەک و تەقەمەنی ئەمەریکا دەکەن و بە خائین ناوی بردن. سەرۆک ترامپ وتی "جگە لەوەش ئێمە لە ئاستێکی بێ وێنەدا چەک بەرهەمدەهێنین. ئێمە خەریکی کۆکردنەوە و ئامادەکارین بۆ هەر ئەگەرێک کە لەوانەیە سەرهەڵبدات. ئێمە ئەم چەکانە بۆ خۆمان دروستدەکەین، بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، نەک بۆ فرۆشتن بە کەسانی دیکە؛ بەڵام فرۆشتنیش بە هاوپەیمانان بەم زووانە دەستپێدەکاتەوە." سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیامێکی دیکەدا ئاماژە بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمەریکا دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات، سەرۆک ترامپ وتی ئەمەریکا "بڕێکی زۆر بێسنوور چەکی مامناوەند تا ئاست بەرزی هەیە و ئەمش زۆر زیاترە لەوەی کە ئەمەریکا دەکرێت لە شەڕێکدا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی یان هەر شەڕێکی دیکەی ئەگەری بەکاریبهێنێت." لە ماوەی شەش مانگی دوای شەڕی ئەمەریکا لەگەڵ ئێران، میدیاکان و ژمارەیەک لە شارەزایان چەندین جار باسیان لەوە کردووە کە ئەمەریکا بڕێکی زۆر لە چەکە گرانبەهاکانی خۆی بۆ ئەم شەڕە خەرج کردووە و دەڵێن پڕکردنەوەی شوێنی ئەم چەکانە نەوەک تەنها چەند مانگێک، ڕەنگە چەند ساڵانێک ببات تا قەرەبوو بکرێنەوە و ئەم دۆخەش پێگەی واشنتنی لاواز کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەکانی دیکەدا. سەرۆک ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە لە پۆستەکەیدا دیسانەوە باسی ئەو بابەتەی کرد و نووسی "ئەو کەس و میدیایانەی بەردەوام ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێمە هیچ چەکێکمان نییە و کە سەد لە سەدیش هەڵەن، لە ڕاستیدا خائین و خیانەتکارن، ئەوان پێیان خۆشە ئەمەریکا لە شەڕێکدا کە تێیدا خەریکە بە ئاسانی سەردەکەوێت، بدۆڕێت لە بری ئەوەی من سەرکەوم."

Download metadata bundle
3 Sep 2026, 17:02 GMT

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، سێنتکۆم ڕۆژی سێشەممە، 3ی مانگی نۆ لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاند زیاتر لە دوو هەزار و 600 سەرباز و هێزی دەریایی ئەمەریکا لەسەر کەشتیی یو ئێس ئێس بۆکسێر( USS Boxer) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیرن. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆم لە ئێکس، ئەم هێزانە لەم ناوچە هەستیارەدا ئەرکی ئۆپەراسیۆنی خۆیان لە ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەبەن. فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا هەروەها وێنە و وردەکارییەکانی ناوەوە و چۆنییەتی کارکردنی هێزی دەریایی سەر کەشتییە جەنگییەکە بڵاوکردووەتەوە.

Download metadata bundle
3 Sep 2026, 16:51 GMT

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئیسرائیل و لوبنان بە نێوەندگیری ئەمەریکا هەنگاوی سەرەتایییان ناوە بۆ پێشخستنی دانوستانە دووقۆڵییەکان لەسەر پرسە مەدەنییەکان. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ دەنگی ئەمەریکا ناردووە، ئاماژەی بەوە کردووە لە دوایین خولی دانوستانەکانی ڕۆما لە مانگی هەشتدا، نوێنەرانی ئیسرائیل و لوبنان بۆ یەکەمین جار باسیان لە پرسە مەدەنییە گرنگە ڕاستەوخۆکان کردووە کە جێگەی نیگەرانی هەردوولا بووە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، میشێڵ عیسا باڵیۆزی لوبنان و مایک هاکەبی باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئیسرائیل ڕێککەوتن لەسەر ئازادکردنی ژمارەیەک دەستگیرکراو ولە بەرامبەردا لوبنان هاوکاری ئیسرائیل دەکات لە پرۆسەی وەرگرتنەوەی تەرمی ئەو جووە لوبنانیانەی کە بێسەروشوێن بوون. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سوپاسی حکومەتەکانی ئیسرائیل و لوبنانی کرد بۆ ئەم هەنگاوە و هیوای خواستووە ئەم هەنگاوانە بتوانن ڕێگە خۆش بکەن بۆ فراوانکردنی دانوستانەکان لەسەر پرسە مەدەنییەکانی دیکە. واشنتن هەروەها ڕایگەیاندووە بەردەوام دەبێت لە ئاسانکاری بۆ گفتوگۆی ڕۆژانەی ئیسرائیل و لوبنان و بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە چاوەڕوانی خولی داهاتووی دانوستانەکانی ڕۆما دەکات. لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەمریکا پابەندە بە جێبەجێکردنی تەواوەتی چوارچێوەی سێ قۆڵی.

Download metadata bundle
3 Sep 2026, 16:32 GMT

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕاپۆرتێکی واشنتۆن پۆستی سەبارەت بە پێشهاتە ئابووری و وزەییەکانی سوریا لە سۆشیال میدیای خۆی لە تروث بڵاوکردەوە و بە نایاب و زۆرباش ناوی برد. ڕاپۆرتەکە باس لە هەوڵەکانی حکومەتی نوێی سوریا دەکات بۆ گۆڕینی وڵاتەکە بۆ ڕێڕەوێکی گەورەی ترانزێتی وزە و کاڵا لە نێوان وڵاتانی کەنداو و دەریای ناوەڕاست و ئەورووپا. بەگوێرەی زانیارییەکانی واشنتۆن پۆست، ڕۆژانە نزیکەی 5 هەزار نەوتهەڵگر لە باشووری عێراقەوە دەگوازنەوە بۆ بەندەری بانیاسی سوریا. لە هەمان کاتدا بەڕێوبەرایەتی ترامپ پشتگیری لە پلانەکانی دروستکردنی بۆرییەکی گەورەی نەوت لە نێوان بەسرە لە باشووری عێراق و بەندەری بانیاس لە سوریا کردووە. ئەو بۆرییە کە درێژییەکەی نزیکەی هەزار و شەش سەد کیلۆمەتر دەبێت و توانای گواستنەوەی 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا دەبێت و مەزەندە دەکرێت نزیکەی 5.7 ملیار دۆلاری تێچووی دروستکردنەکەی بێت. هەروەها تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا، پۆستەکەی سەرۆک ترامپی دووبارە بڵاوکردووەتەوە و لە وەڵامدا نووسیویەتی سوپاس بۆ سوریا. ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست نووسیویەتی، ئەگەر ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ بکرێت، سوریا دەتوانێت ببێتە ڕێگایەکی بەدیل بۆ گواستنەوەی وزە و کاڵاکان و وابەستەیی وڵاتانی ناوچەکە بە تەنگەی هورمز کەم بکاتەوە. بەڵام ئاسایشی ڕێڕەوی بۆرییەکە، چالاکیی گرووپە چەکدارەکان، ژێرخانی لاواز و نەبوونی وەبەرهێنان وەک گرنگترین ئاستەنگەکانی بەردەم ئەم پڕۆژانە دەستنیشانکراون.

Download metadata bundle
3 Sep 2026, 15:58 GMT

لقی ئامەدی کۆمەڵەی پارێزەران بۆ ئازادی ڕایگەیاند ئەمڕۆ پێنجشەممە،3ی مانگی نۆ، لانیکەم 10 کەس لە ئامەد بە بیانووی بەشداریکردن لە پرسەی ئەندامانی پەکەکە دەستگیرکراون و ئەو کۆمەڵەیە داوای ئازادکردنیان دەکات. بەگوێرەی کۆمەڵەکە، ئەو کەسانە بەپاساوی "بەشدارییان لە پرسەی ئەندامانی پەکەکە کە لە کاتی جیاجیا لە پێکدادانەکاندا گیانیانلەدەستداوە، دەستگیر کراون." کۆمەڵەکە نووسیویەتی ئەم دەستگیرکردنانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن یاسای چوارچێوە "بڕیارە هیوا بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگایەکی دیموکراتی بەهێزتر بکات" و باس لەوەش دەکەن کە "ئەم هەنگاوە لەگەڵ ڕۆحی ئەو پرۆسەیەدا ناگونجێت." هەروەها کۆمەڵەکە باس لەوەداکات بە تاوانکردنی سەرەخوشیکردن "ناپەسەندە، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە دەبێت دیدگای ئاشتی بەهێزبکرێت." و باس لەوەش دەکەن کە "کۆمەڵگایەکی دیموکرات بە سیاسەتی فشار و دەستبەسەرکردن بنیاد نانرێت." بەگوێرەی میدیا خۆجێییەکان، ئۆپەراسیۆنەکە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی فەرمانگەی داواکاری گشتیی ئامەد ئەنجامدراوە و دەستگیرکراوەکان لاوانی پارتی هەدەپەن. باس لەوەشدەکەن کە لەوانەیە ژمارەی دەستگیرکراوەکان زیاد بکات. هێزە ئەمنییەکان تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەبارەی هۆکاری ئەو دەستگیرکردنانە نەداوە.

Download metadata bundle
3 Sep 2026, 15:18 GMT

فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ ستیڤن فەیگێن، بەرپرسی نوێی کاروباری ئەمەریکا لە بەغدا کۆ بوویەوە بۆ گفتوگۆ کردن سەبارەت بە گەمارۆ ئابوورییە نوێکانی واشنتن دژی کۆماری ئیسلامی و دەرئەنجامە ئەگەرییەکانی بۆ سەر عێراق. وەزیری دەرەوەی عێراق ڕۆژی پێنجشەممە،3ی مانگی نۆ لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاند، پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان تاران و بەغدا لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆیان بووە. بە گوێرەی پەیامەکەی وەزیری دەرەوەی عێراق، هەردوولا هەروەها پێداچوونەوەیان بە پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و پرۆسەی تەواوکردنی پێکهێنانی حکومەت و هەوڵەکانی حکومەت بۆ قۆرخکردنی چەک کردووە. هەروەها لە دیدارەکەدا باس لە سەفەرەکانی داهاتووی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ دەرەوە و هەوڵەکانی بەغدا بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوبەشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کرا.

Download metadata bundle
3 Sep 2026, 14:58 GMT

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە ڕەتکردنەوەی گەڕانەوەی وڵاتەکەی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند "لە زۆر ڕووەوە ئەو کەشتییە بەندەرەکەی بەجێهێشتووە و ناگەڕێتەوە." ناوبراو بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی بەدوای چەکی ئەتۆمیدا بگەڕێت، باجەکەی دەدات. دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا هەفتەی ڕابردووش بە نێوەندگران و هاوبەشە ناوچەییەکانیشی ڕاگەیاند هیچ حەزی لەوە نییە بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتن بە هەمان مەرجەکانی پێشووەوە. مارکۆ ڕوبیۆ بە فۆکس نیوز ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامی ڕەتیکردووەتەوە بچێتە ناو دانوستانە ئەتۆمییەکان و پرسی سەرەکی ئەوەیە کە ڕێژیمی ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت. ئاماژەی بەوەشکرد ئێران ئەگەر بەردەوام بێت لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی یان بانگەشەی ئەوەی کە چەکێکی لەو شێوەیەیان دەوێت، باجەکەی دەدات. ڕوبیۆ بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە فشارەکان بە شێوەیەکی سەرەکی ئابووری دەبێت، بەڵام وتی "وەک وتمان مافی خۆمانە ئەگەر پێویست بوو ڕێکاری سەربازیش بگرینەبەر؛ نەک تەنها بۆ ئەوەی خۆمان بپارێزین، بەڵکو بۆ ئەوەی نەهێڵین هەڕەشە لە کەسانی دیکە بکەن." مەسعود پزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە لوتکەی ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگەهای لە قرغیزستان ڕایگەیاند ئەگەر ئەمەریکا بگەڕێتەوە سەر بەڵێنەکانی بەپێی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد، تارانیش "دەستبەجێ" دەگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنەکە. گرژییە سەربازییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمەریکا بە هۆی هێرشە نوێیەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر کەشتییە بازرگانی و نەوتییەکان لە ئاوەکانی باشووری ئێران لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، سەرلەنوێ هەڵگیرساوەتەوە، پرسێک کە دواجار واشنتنی ناچار کرد گەمارۆی دەریایی و ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری دژی کۆماری ئیسلامی بسەپێنێت. ئەم ڕێوشوێنانە بووەتە هۆی داخستنی تەواوەتی هەناردەی نەوتی ئێران و پەکخستنی بازرگانی دەرەکی و دابەزینی خێرای بەهای ڕیاڵ.

Download metadata bundle
3 Sep 2026, 12:21 GMT

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە پەیامێکدا لە ئێکس بڵاویکردەوە کە هێزە دەرییایەکانی ئەمەریکا بەردەوامن لەسەر گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران. لە پەیامەکەدا هاتووە "تاوەکو 2ی نۆ، ‌هێزەکانی ئەمەریکا ئاراستەی 86 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە، 3 کەشتییان پەکخستووە، و چوونەتە ناو 2 کەشتی دیکەش بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونیان بە گەمارۆکە." ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێرشە ئاسمانییە نوێیەکانی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە و پێگەکانی ئێران بەردەوامن. لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە کە بە گوێرەی ئاژانسی تەسنیم سێ فڕۆکەوانی ئێرانی لە هێرشەکانی ئەمەریکا شەوی سێشەممە کوژران.

Download metadata bundle
3 Sep 2026, 11:46 GMT

سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە سەبارەت بە دوایین هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران گوتی ئامادەین بۆ هێرشێکی دیکەی سەر ئێران ئەگەر پێویست بکات. ترامپ گوتیشی، "ئێمە هەموو هەڵسوکەوتەکانیان دەبینین تەنانەت لە سەرئاویشدا دەیان بینین." هەروەها گوتی کە هێزە ئەمەریکاییەکان تێبینیی ئەوەیان کردووە کە ئێرانییەکان خەریکی دروستکردنی موشەکێکن تا گەرووی هورمزی پێ مینڕێژ بکەن، بۆیە ڕاستەوخۆ کردماننە ئامانج. ئاماژەی بەوەشکرد کە شەوی ڕابردوو [شەوی سێشەممە] دووبارە بۆردومانمان کردنەوە چونکە هەشت موشەکیان بەرەو بنکەیەکی ئەمەریکا لە ئوردن هەڵدابوو. هەرچەندە هەموو موشەکەکانیشمان پوچەڵ کردەوە. لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی هاتن و چوون لە گەرووی هورمز ئاسایی بووەتەوە و ئێرانییەکان نازانن ڕۆژانە چەند کەشتی دەرباز دەبێت چونکە هەموو ڕادەرەکانیانمان لەناو بردووە.

Download metadata bundle
3 Sep 2026, 11:14 GMT

سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە دووبارە سەبارەت بە ئەگەری ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران قسەی کرد. ترامپ سەبارەت بەوەی کە ئایا سەرۆک لە ڕێگەی سی ئای ئەی خەڵکی ئێران چەکدار دەکات، ڕەتی کردەوە هیچ لەو بارەیەوە بڵێت. لە بارەی هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانی حکومەتی ئێران لەگەڵ هاووڵاتییەکانی خۆی گوتی، کە لەو بارودۆخە خراپە تێدەگات کە ئێرانییەکان تێیدان و ڕووبەڕووی دەبنەوە و گوتی حکومەتەکەیان بە شێوەیەکی بێبەزەییانە و دڕندانە تەقە لە هەر کەسێکی ناڕازی دەکات. لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد کە حکومەت چەندین جۆر چەکی جیاواز بەکار دەهێنێت بۆ کوشتنی هاووڵاتییەکانی، هەر لە دەستڕێژی هەرەمەکییەوە هەتا دەگاتە چەکی قەنناس. هەروەها ترامپ سەبارەت بە ژمارەی قوربانییە مەدەنییەکان لە ناوخۆی ئێراندا قسەی کرد و گوتی بە نزیکەیی 65000 خەڵکی ناڕازی لەو ماوەیەدا کوژراون و دەسەڵاتدارانی ئێران دەست لە کوشتنی هاووڵاتییان ناپارێزن. لە درێژەی قسەکانیدا گوتی هەتا ڕژێمی ئێران توانای ئەوەی مابێت وا بە ئاسانی تەقە لە هاووڵاتییانی ئێران بکات، خۆپیشاندان ناکرێت و کەسیش ناتوانێت گلەیی لە هاووڵاتییانی ئێران بکات چونکە خەڵک دەزانن کە چوونەدەرەوە و ناڕەزایی دەربڕین یەکسانە بە مردن. لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی ''ڕژێمی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ لاوازتر دەبێت و دەگەنە قۆناغێک کە ڕژێمەکە ئیتر ناتوانێت بەئاسانی تەقە لە هاووڵاتییان بکات. من ئەو پرسیارەم وروژاندووە بۆ ئەو کاتە.''

Download metadata bundle
2 Sep 2026, 19:42 GMT

سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆشکی سپی بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند، لە هێرشەکانی شەوی ڕابردوودا بۆ سەر ئێران "زۆر بە سەختی لێماندان." هەروەها باسی ئەنجامەکانی ئەو هێرشانە کرد و وتی "هەموو ئەو کەلوپەلە نوێیانەمان تێکشکاند کە دەیانویست لە کەنارەکانی گەرووی هورمز بنکە دروست بکەن، کە هەندێکیان بۆ هێرشکردن بوون و هەندێکیان بۆ بەرگرییکردن." هەروەها ئەوەشی وت "دەیانویست کەشتییەکان ببینن، بەڵام ناتوانن کەشتییەکان ببینن، لەبەرئەوەی ڕاداریان نییە، ڕادارەکانمان تەقاندنەوە."

Download metadata bundle
2 Sep 2026, 19:24 GMT

ڕێکەوتنێکی بەرفراوانی وزە لە نێوان کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمەریکا و ڤەنزوێلا ڕۆژی چوارشەممە 1ی نۆ لە کاراکاس بە ئامادەبوونی کریس ڕایت وەزیری وزەی ئەمەریکا و دێلسی ڕۆدریگێز سەرۆکی بە وەکالەتی ڤەنزوێلا واژۆ کرا. کریس ڕایت وەزیری وزەی ئەمەریکا لە مەراسیمی واژۆکردنی گرێبەستەکە وتی: ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە لە ڤەنزوێلا و کاتێکە بۆ ئازادکردنی توانای خەڵکی ئەم وڵاتە. ناوبراو ئەرکی سەرۆک ترامپی لە ڤەنزوێلا بە دامەزراندنی ئاشتییەکی بەردەوام و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ئازادی و دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی خەڵکی وڵاتەکە وەسف کرد. ئاماژەی بەوەشکرد: بە واژۆکردنی ئەم گرێبەستە ملیارەها دۆلار وەبەرهێنان و هەزاران هەلی کار لە ڤەنزوێلادا دەڕەخسێت بۆ ئەوەی بنەمای ئاشتی و خۆشگوزەرانی لەم وڵاتەدا بخاتە گەڕ. وەزیری وزەی ئەمەریکا سوپاسی کۆمپانیا گەورەکانی ئەمەریکای وەک شێڤرۆن و جەنەراڵ ئێلیکتریک و وەبەرهێنەرانی دیکەی ئەمەریکی کرد و ڕایگەیاند: "ئێمە لەگەڵ ئەم کۆمپانیایانە و دەسەڵاتدارانی ڤەنزوێلا پێکەوە کاردەکەین بۆ فراوانکردنی دەرفەتی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی ڤەنزوێلا و ئەمەریکا". بەڕێز ڕایت هەروەها جەختی لەسەر پێویستی خێراکردنی گۆڕانکاری ئەرێنی لە ڤەنزوێلا و ڕایگەیاند کە واژۆکردنی ڕێککەوتنی وزە لە نێوان ئەمەریکا و ڤەنزوێلا هۆکارێکە بۆ یارمەتیدانی خەڵک لە ئەمەریکا و لە سەرانسەری جیهان و بەتایبەتی ئەمەریکا بۆ بەدەستهێنانی خۆشگوزەرانی خێراتر. کۆمپانیای شێڤرۆن کە دووەم گەورەترین کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکایە، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ڤەنزوێلا دەکات و زیاتر لە دوو هێندە بەرهەمی نەوتی لەو وڵاتەدا دەگاتە نزیکەی 600 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. کۆمپانیای شیڤرۆن کە لە ساڵی 1923ەوە لە ڤەنزوێلا کاردەکات، تاکە کۆمپانیای گەورەی نەوتی ئەمەریکایە کە ئامادەیییەکی بەرچاوی لەوێ هەیە. ئەم فراوانکردنە دوای چەند مانگێک دانوستان دێت، جیا لە ڕێککەوتنێک کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن سەرۆک دۆناڵد ترەمپەوە ڕاگەیەندرا بۆ کۆنترۆڵکردنی نزیکەی 65 ملیار بەرمیل لە یەدەگی نەوتی ڤەنزوێلا. کۆمپانیای شیڤرۆن ئاماژەی بەوەشکردووە، زەوی زیاتری پێدراوە لە پشتێنەی نەوتی ئۆرینۆکۆ و مەرجە دارایی و بازرگانی و یاساییەکانی کۆمپانیا هاوبەشەکەی لەگەڵ کۆمپانیای پترۆبراس کە سەر بە دەوڵەتە، باشتر بووە. ئەم کۆمپانیایە لەم دواییانەدا نزیکەی 290 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی لە ڤەنزوێلا بەرهەم هێناوە کە هەموو ئەو نەوتە هەناردەی ئەمەریکا دەکرێت. کۆمپانیای شیڤرۆن ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینی دەکات تێچووی بەرهەمهێنان لە خوار ٢٠ دۆلارەوە بۆ هەر بەرمیلێک بمێنێتەوە. مایک ویرت بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای شیڤرۆن ڕایگەیاندووە، کۆمپانیاکە زیاتر لە سەدەیەکە لە ڤەنزوێلا کاردەکات و فراوانکردنی کۆمپانیاکە ڕەنگدانەوەی متمانەی شیڤرۆنە بە سەرچاوە بەرفراوانەکانی وڵاتەکە. کریس ڕایت وتی ڕێککەوتنە نوێیەکان دەتوانن لە چەند ساڵی داهاتوودا بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە ڤەنزوێلا زیاتر لە دوو هێندە زیاد بکەن. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە زیادبوونی وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت دەتوانێت یارمەتی دابەزاندنی نرخی نەوت لە هەمان کاتدا هەلی کار و دەرفەتی ئابووری زیاتر بۆ ڤەنزوێلییەکان دروست بکات. وەزیری وزەی ئەمەریکا بە کەناڵی سی ئێن بی سیی ڕاگەیاندووە، بەرهەمهێنانی نەوتی ڤەنزوێلا دەتوانێت تا نیوەی یەکەمی ساڵی داهاتوو لە ڕۆژێکدا یەک ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل تێپەڕێنێت و تا کۆتایی ئەم دەیە بگاتە دوو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا. لە چەند مانگی ڕابردوودا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکە لە دەوروبەری یەک ملیۆن و 100 هەزار بۆ یەک ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە، لە کاتێکدا لە کۆتاییەکانی نەوەدەکاندا زیاتر لە ٣ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە. ئەنجومەنی نیشتمانی ڤەنزوێلا کە پارتی دەسەڵاتدار زاڵە، ڕۆژی سێشەممە پشتگیری لە ڕێککەوتنێکی جیا کرد لەگەڵ ئەمەریکا کە بەکرێدانی 100 ساڵ دەداتە هاوبەشەکانی وزەی شین لە ئەمەریکای باکوور لە 17 کێڵگەی نەوتدا. دیلسی ڕۆدریگێز، سەرۆکی کاتی ڤەنزوێلا ڕایگەیاند، ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتە بۆ زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، جەختیشی لەوە کردەوە کە ڤەنزوێلا بەردەوام دەبێت لە کۆنترۆڵکردنی سامانە سروشتییەکانی. هەروەها سەرۆک ترامپ لە بەیاننامەیەکدا لە بارەی سۆشیال ڕاستییەوە ڕایگەیاندووە، ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ڤەنزوێلا دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی نرخی بەنزین لە ئەمەریکا "بەشێوەیەکی بەرچاو".

Download metadata bundle
2 Sep 2026, 18:06 GMT

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، دەڵێت کێشەی سەرەکی لەگەڵ ئێران ئەوەیە کە نابێت ڕێگە بدرێت دەستی بە چەکی ناوەکی بگات. روبیۆ لە وتووێژێکدا لەگەڵ برایان کیلمید لە بەرنامەی «فاکس و هاوڕێیان»ی کەناڵی فاکس نیوز، وتی ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی دەدات بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوام هەڕەشە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وتیشی، تا ئەو کاتەی ئێران بەردەوام بێت لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی، دەبێت باجی ئەو هەوڵانە بدات. روبیۆ گوتی: «ئەو تێچووە بە پلەی یەکەم ئابووری دەبێت، بەڵام هەروەک وتمان، ئێمە مافی خۆمان بە پارێزراو دەزانین کە نەک تەنها بەرگری لە خۆمان بکەین ئەگەر هێرشمان بکرێتە سەر، بەڵکو پێش بەوەش بگرین کە ببنە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئێمە و کەسانی دیکە.» روبیۆ لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە خواستی سەرکۆماری ئێران بۆ گەڕانەوە بۆ یادداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران، وتی ئەو دەرفەتە بۆ ئێران بەسەرچووە. جەختی لەوەش کردەوە کە ئەمەریکا لە هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە تەنگەی هورمز «بە تەواوی ڕژدە». روبیۆ هەروەها وتی، هەرچەندە ئامرازی سەرەکی واشنتن بۆ فشار خستنە سەر ئێران فشار و سزای ئابوورییە، بەڵام ئەمەریکا مافی خۆی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە تەنگەی هورمز بە پارێزراو دەزانێت. وتیشی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە بە ئامانجگرتنی ئەو کەشتی و ئامرازانەی کە هەڕەشە بۆ سەر ئازادی کەشتیوانی و هاتووچۆی دەریایی لە تەنگەی هورمز دروست دەکەن.

Download metadata bundle
2 Sep 2026, 16:51 GMT

فریدریش مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، دووپاتی کردەوە کە بەرلین بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی سەربازی و مەدەنی بۆ کیێڤ. وتەبێژێکی حکومەتی ئەڵمانیا ڕۆژی چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا گوتی، مێرز جەختی کردووەتەوە کە «ئۆکراینا دەتوانێت پشت بە بەردەوامبوونی قایمی پشتیوانی مەدەنی و سەربازی ئەڵمانیا ببەستێت.» لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا هەروەها زێلنسیکی لە هەوڵێکی هێرشی درۆنی رووسیا لە مانگی ڕابردوو بۆ سەر فڕۆکەخانەی لایپزیگ ئاگادار کردەوە. حکومەتی ئەڵمانیا ڕووسیا بە بەرپرسیار دەزانێت لە هەوڵی ئەو هێرشە درۆنییە . ئەو ڕووداوە لە کاتێکدایە کە نیگەرانییە ئەمنییەکان لە ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا لەبارەی چاڵاکییە درۆنییە گوماناوییەکان و هەڕەشەکانی پەیوەست بە شەڕی ئۆکراینا زیاد بووە. ئەڵمانیا یەکێکە لە گرنگترین پشتیوانانی ئۆکراینا لە ئەوروپا و لە ماوەی شەڕەکەدا هاوکاریی سەربازی، دارایی و مرۆیی بۆ کییڤ دابین کردووە. مێرز لە درێژەی قسەکانیدا دووبارە جەختی لەوە کردەوە کە ئەو پشتیوانییە بەردەوام دەبێت.

Download metadata bundle
2 Sep 2026, 15:01 GMT

سکات بەسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا دەڵێت، لە کاتێکدا بەڕێوەبەرایەتی ترامپ بەردەوامە لە هەوڵە پلان بۆ داڕێژراوەکانی بۆ توندکردنەوەی فشارەکان لەسەر ئابووری ئێران، هێڵە ئاسمانییەکان، کەشتیوانی و سەروەت و سامانی دیجیتاڵی دەشێت ببنە ئامانجی نوێی ئەمەریکا لە ئێران. سکۆت بەسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە1ی نۆ،لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی پشتیوانییەکانی ڕووسیا بۆ ئێران، هۆشداری دایە “هەر لایەنێک” کە پشتیوانی لە حکومەتی ئێران بکات. سکات لە بەرنامەی فۆکس ئەند فرێندزدا وتی: پەیامی من بۆ هەمووان ئەوەیە کە دوور بکەونەوە، هەموومان دەمانەوێت ئەم ململانێیە کۆتایی پێبێت، خێراترین ڕێگاش بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێیە ئەوەیە کە کەس پشتیوانی ئەم ڕژێمە نەکات. ئەم لێدوانانەی بەسێنت دوای ڕۆژێک هات کە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا پشتیوانی خۆی بۆ کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاند. وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا گوتیشی: گفتوگۆی زۆر وردمان لەگەڵ هەر لایەنێک دەبێت کە پشتیوانی ئەم ڕژێمە بکات.

Download metadata bundle
2 Sep 2026, 13:50 GMT

سکات بەسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، واشنتن و بەیژینگ کۆکن لەسەر گرنگی هێشتنەوەی گەرووی هورمز بە کراوەیی. بەسێنت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆتایی کۆبوونەوەی وەزیرانی دارایی گرووپی بیست لە کارۆلینای باکوور وتی: ئێمە خاڵی هاوبەشمان زیاترە لەگەڵ چین سەبارەت بە ئێران وەک لەوەی ناکۆکیمان هەبێت. وتیشی "چین ڕازییە لەسەر ئەوەی ئێران نابێت چەکی ئەتۆمی هەبێت، چین ڕازییە کە بازرگانی دەریایی ئازاد لە گەرووی هورمزدا هەبێت، چین لەسەدا 50ی وزەی خۆی لە کەنداوی فارسەوە وەردەگرێت." بەسێنت وتی بۆیە پێموایە ئەوەی لە ئەستۆی چینە کە کار بۆ چارەسەرێکی دروست بکات. وە هەروەها "دەبینین چۆن بەدواداچوون دەکەن." وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەی گرووپی بیستدا لەگەڵ ڕووسیا و چین باسیان لە ڕێوشوێنە ئابوورییە ئەگەرییەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی کردووە. سەبارەت بە وەڵامی تاران وتی: "ڕەنگە وەڵامی سەربازی زیاتر بدەنەوە، بەڵام ئامادە دەبن بۆ دانوستاندن."

Download metadata bundle
2 Sep 2026, 11:33 GMT

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند لە هێرشێکدا لە کەرتی غەززە، تەلال مستەفا ساڵح بەدەوی، فەرماندەی بەشی ئاسایشی سەربازی لیوای غەززەی حەماس و مۆمن سەعید محەمەد حەواری ئەندامی ئەو گرووپە کوژراون. سوپای ئیسرائیل لە پەیامێکدا لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی ئەو دوو کەسە دەستیان هەبووە لە ئەنجامدانی هێرشەکان دژی هاووڵاتیانی مەدەنی و هێزەکانی سوپای ئیسرائیل و کاریان بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی تواناکانی حەماس کردووە. هەروەها لە بەیاننامەکەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە ئەم چالاکییانە بە شێوەیەکی "سیستەماتیک" و بە پێشێلکردنی ئاگربەست ئەنجامدراون. سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە ئامانجی هێرشەکە نەهێشتنی ئەو شتەیە کە بە "هەڕەشەی دەستبەجێ" لەلایەن ئەو دوو کەسەوە ناوی بردووە.

Download metadata bundle
2 Sep 2026, 11:22 GMT

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث ڕایگەیاند ئامانجی ئەو ناچارکردنی ئێران نییە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان و وتی بارودۆخی ئێستای لە ڕێککەوتن لەگەڵ تاران پێ باشترە. ترامپ بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتێکی کەناڵی ئەی بی سی کە بانگەشەی ئەوەی کردووە واشنتن هەوڵی ئەوە دەدات ئێران بێرێتە سەر مێزی دانوستان، ڕاپۆرتەکەی ڕەتکردەوە و نووسیویەتی "من هەوڵ نادەم ئێران بهێنمە سەر مێزی دانوستان." سەرۆک ترامپ ئەو میدیایەی بە ساختە ناو برد و نووسیویەتی ''هیچ بەلامەوە گرنگ نییە کە ڕێککەوتنێکی بێبایەخ لەگەڵ [ئێران] ئیمزا بکەم.'' لە درێژەی لێدوانەکەیدا دەڵێت من دڵخۆشم بەو بارودۆخەی ئێستامان کە کۆنتڕۆڵمان بەسەر تەنگەی هورمزدا هەیە و ئابووریی ئێران بە تەواوی هەرەس دەهێنێت. سەرۆکی ئەمەریکا لە بەشی کۆتایی پەیامەکەیدا ڕوو لە خەڵکی ئێران نووسیویەتی " خەڵکی ئێران کەی هەڵدەستێت و ڕادەپەڕێت؟

Download metadata bundle
2 Sep 2026, 00:22 GMT

کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی سێشەممە 1ی مانگی نۆ لە بەرامبەر شەپۆلی نوێی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکان لە ئێران، بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر سەر پێگەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە. بەرپرسێکی ئەمەریکا بە ئەلعەرەبیەی ڕاگەیاندووە هێرشەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر ئوردن زیانێکی بەرچاویان نەبووە. هێزە چەکدارەکانی ئوردن ڕایانگەیاند سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەو وڵاتە بەرپەرچی 13 مووشەکی بالیستیکی ئێرانیان داوەتەوە و بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، 10 مووشەکیان تێکشکێندراون و سێ مووشەکی دیکەش لە ناوچەی چۆڵ و بێ دانیشتوو کەوتوونەتە خوارەوە. تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەبارەی زیانی گیانی ئەو هێرشانە ڕانەگەیەندراون. هەروەها سوپای پاسدرانی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کەمپێکی نیشتەجێبوونی هێزەکانی ئەمەریکای لە ئوردن کردووەتە ئامانج. لە هەمان کاتدا ڕاپۆرتی هەڵدانی مووشەک لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئێران لەوان کرماشان، یەزد و خومەین بڵاو کراوەتەوە. ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چەندین جار دەنگی هەڵدانی مووشەک و تەقینەوە لەو ناوچانە بیستراوە، بەڵام وردەکارییەکان سەبارەت بە ئامانجی ئەو هەڵدانانە و ئەنجامەکانیان هێشتا بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست نەکراوەتەوە. سوپای پاسداران هەروەها ڕایگەیاند بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بنکەی شێخ عیسایان لە بەحرەین کردووەتە ئامانج. ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە ناوەندەکانی هێزەکانی ئەمەریکا و بەشێک لە دامەزراوەکانی ئەو بنکانەی کردووەتە ئامانج و هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی زیاتریش دەکات. لە پێشهاتێکی دیکەدا، کوەیت ڕایگەیاندووە سیستەمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی بەرپەرچی هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کۆماری ئیسلامی داوەتەوە و داوای لە هاووڵاتیانیشی کردووە پابەندی ڕێنماییە ئەمنییەکان بن. ئەم هێرشانە لە وەڵامی شەپۆلی نوێی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە باشووری ئێران ئەنجام دراون. سێنتکۆم ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمەریکا هێرشی نوێیان بۆ سەر پێگەکانی سوپای پاسداران دەستپێکردووە دوای هەوڵەکانی ئەم دواییەی سوپای پاسداران بۆ هەڕەشەکردن سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز و هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا. دەنگی تەقینەوە لە پارێزگاکانی هورمزگان، کرمان و خوزستان پشتڕاستکراوەتەوە.

Download metadata bundle