فریدریش مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، دووپاتی کردەوە کە بەرلین بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی سەربازی و مەدەنی بۆ کیێڤ. وتەبێژێکی حکومەتی ئەڵمانیا ڕۆژی چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا گوتی، مێرز جەختی کردووەتەوە کە «ئۆکراینا دەتوانێت پشت بە بەردەوامبوونی قایمی پشتیوانی مەدەنی و سەربازی ئەڵمانیا ببەستێت.» لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا هەروەها زێلنسیکی لە هەوڵێکی هێرشی درۆنی رووسیا لە مانگی ڕابردوو بۆ سەر فڕۆکەخانەی لایپزیگ ئاگادار کردەوە. حکومەتی ئەڵمانیا ڕووسیا بە بەرپرسیار دەزانێت لە هەوڵی ئەو هێرشە درۆنییە . ئەو ڕووداوە لە کاتێکدایە کە نیگەرانییە ئەمنییەکان لە ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا لەبارەی چاڵاکییە درۆنییە گوماناوییەکان و هەڕەشەکانی پەیوەست بە شەڕی ئۆکراینا زیاد بووە. ئەڵمانیا یەکێکە لە گرنگترین پشتیوانانی ئۆکراینا لە ئەوروپا و لە ماوەی شەڕەکەدا هاوکاریی سەربازی، دارایی و مرۆیی بۆ کییڤ دابین کردووە. مێرز لە درێژەی قسەکانیدا دووبارە جەختی لەوە کردەوە کە ئەو پشتیوانییە بەردەوام دەبێت.