US Agency for Global Media

News and Information from Around the World

Clear all
2 Sep 2026, 15:01 GMT

سکات بەسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا دەڵێت، لە کاتێکدا بەڕێوەبەرایەتی ترامپ بەردەوامە لە هەوڵە پلان بۆ داڕێژراوەکانی بۆ توندکردنەوەی فشارەکان لەسەر ئابووری ئێران، هێڵە ئاسمانییەکان، کەشتیوانی و سەروەت و سامانی دیجیتاڵی دەشێت ببنە ئامانجی نوێی ئەمەریکا لە ئێران. سکۆت بەسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە1ی نۆ،لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی پشتیوانییەکانی ڕووسیا بۆ ئێران، هۆشداری دایە “هەر لایەنێک” کە پشتیوانی لە حکومەتی ئێران بکات. سکات لە بەرنامەی فۆکس ئەند فرێندزدا وتی: پەیامی من بۆ هەمووان ئەوەیە کە دوور بکەونەوە، هەموومان دەمانەوێت ئەم ململانێیە کۆتایی پێبێت، خێراترین ڕێگاش بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێیە ئەوەیە کە کەس پشتیوانی ئەم ڕژێمە نەکات. ئەم لێدوانانەی بەسێنت دوای ڕۆژێک هات کە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا پشتیوانی خۆی بۆ کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاند. وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا گوتیشی: گفتوگۆی زۆر وردمان لەگەڵ هەر لایەنێک دەبێت کە پشتیوانی ئەم ڕژێمە بکات.

Download metadata bundle
2 Sep 2026, 13:50 GMT

سکات بەسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، واشنتن و بەیژینگ کۆکن لەسەر گرنگی هێشتنەوەی گەرووی هورمز بە کراوەیی. بەسێنت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆتایی کۆبوونەوەی وەزیرانی دارایی گرووپی بیست لە کارۆلینای باکوور وتی: ئێمە خاڵی هاوبەشمان زیاترە لەگەڵ چین سەبارەت بە ئێران وەک لەوەی ناکۆکیمان هەبێت. وتیشی "چین ڕازییە لەسەر ئەوەی ئێران نابێت چەکی ئەتۆمی هەبێت، چین ڕازییە کە بازرگانی دەریایی ئازاد لە گەرووی هورمزدا هەبێت، چین لەسەدا 50ی وزەی خۆی لە کەنداوی فارسەوە وەردەگرێت." بەسێنت وتی بۆیە پێموایە ئەوەی لە ئەستۆی چینە کە کار بۆ چارەسەرێکی دروست بکات. وە هەروەها "دەبینین چۆن بەدواداچوون دەکەن." وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەی گرووپی بیستدا لەگەڵ ڕووسیا و چین باسیان لە ڕێوشوێنە ئابوورییە ئەگەرییەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی کردووە. سەبارەت بە وەڵامی تاران وتی: "ڕەنگە وەڵامی سەربازی زیاتر بدەنەوە، بەڵام ئامادە دەبن بۆ دانوستاندن."

Download metadata bundle
2 Sep 2026, 11:33 GMT

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند لە هێرشێکدا لە کەرتی غەززە، تەلال مستەفا ساڵح بەدەوی، فەرماندەی بەشی ئاسایشی سەربازی لیوای غەززەی حەماس و مۆمن سەعید محەمەد حەواری ئەندامی ئەو گرووپە کوژراون. سوپای ئیسرائیل لە پەیامێکدا لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی ئەو دوو کەسە دەستیان هەبووە لە ئەنجامدانی هێرشەکان دژی هاووڵاتیانی مەدەنی و هێزەکانی سوپای ئیسرائیل و کاریان بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی تواناکانی حەماس کردووە. هەروەها لە بەیاننامەکەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە ئەم چالاکییانە بە شێوەیەکی "سیستەماتیک" و بە پێشێلکردنی ئاگربەست ئەنجامدراون. سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە ئامانجی هێرشەکە نەهێشتنی ئەو شتەیە کە بە "هەڕەشەی دەستبەجێ" لەلایەن ئەو دوو کەسەوە ناوی بردووە.

Download metadata bundle
2 Sep 2026, 00:22 GMT

کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی سێشەممە 1ی مانگی نۆ لە بەرامبەر شەپۆلی نوێی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکان لە ئێران، بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر سەر پێگەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە. بەرپرسێکی ئەمەریکا بە ئەلعەرەبیەی ڕاگەیاندووە هێرشەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر ئوردن زیانێکی بەرچاویان نەبووە. هێزە چەکدارەکانی ئوردن ڕایانگەیاند سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەو وڵاتە بەرپەرچی 13 مووشەکی بالیستیکی ئێرانیان داوەتەوە و بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، 10 مووشەکیان تێکشکێندراون و سێ مووشەکی دیکەش لە ناوچەی چۆڵ و بێ دانیشتوو کەوتوونەتە خوارەوە. تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەبارەی زیانی گیانی ئەو هێرشانە ڕانەگەیەندراون. هەروەها سوپای پاسدرانی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کەمپێکی نیشتەجێبوونی هێزەکانی ئەمەریکای لە ئوردن کردووەتە ئامانج. لە هەمان کاتدا ڕاپۆرتی هەڵدانی مووشەک لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئێران لەوان کرماشان، یەزد و خومەین بڵاو کراوەتەوە. ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چەندین جار دەنگی هەڵدانی مووشەک و تەقینەوە لەو ناوچانە بیستراوە، بەڵام وردەکارییەکان سەبارەت بە ئامانجی ئەو هەڵدانانە و ئەنجامەکانیان هێشتا بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست نەکراوەتەوە. سوپای پاسداران هەروەها ڕایگەیاند بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بنکەی شێخ عیسایان لە بەحرەین کردووەتە ئامانج. ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە ناوەندەکانی هێزەکانی ئەمەریکا و بەشێک لە دامەزراوەکانی ئەو بنکانەی کردووەتە ئامانج و هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی زیاتریش دەکات. لە پێشهاتێکی دیکەدا، کوەیت ڕایگەیاندووە سیستەمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی بەرپەرچی هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کۆماری ئیسلامی داوەتەوە و داوای لە هاووڵاتیانیشی کردووە پابەندی ڕێنماییە ئەمنییەکان بن. ئەم هێرشانە لە وەڵامی شەپۆلی نوێی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە باشووری ئێران ئەنجام دراون. سێنتکۆم ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمەریکا هێرشی نوێیان بۆ سەر پێگەکانی سوپای پاسداران دەستپێکردووە دوای هەوڵەکانی ئەم دواییەی سوپای پاسداران بۆ هەڕەشەکردن سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز و هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا. دەنگی تەقینەوە لە پارێزگاکانی هورمزگان، کرمان و خوزستان پشتڕاستکراوەتەوە.

Download metadata bundle
1 Sep 2026, 23:50 GMT

وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین ئێوارەی سێشەممە،1ی مانگی نۆ بە کاتی واشنتن هۆشدارییەکی سەبارەت بە مەترسییەکی ئەگەری بڵاوکردووەتەوە و داوای لە هاووڵاتیان و دانیشتووانی وڵاتەکەی کرد ئارام بگرن و لە نزیکترین شوێنی ئەمن و پارێزراو بمێننەوە و خۆیان حەشار بدەن. وەزارەتەکە داوای لە ڕای گشتی کردووە بۆ پاراستنی سەلامەتی گشتی، تەنها لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە بەدواداچوون بۆ هەواڵ و زانیاریەکان بکەن سەبارەت بە دۆخەکە.

Download metadata bundle
1 Sep 2026, 23:31 GMT

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی لە بەردەوامبوونی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربڕی و وتی دەرئەنجامەکانی ئەم قەیرانانە بەربڵاون. گۆتێرێس ئێوارەی سێشەممە،1ی مانگی نۆ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند ڕێککەوتنەکان و ئاگربەستەکان بە بەردەوامی پێشێل دەکرێن و هێرشەکان بەردەوامن. سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە لایەنەکانەکان کرد دان بەخۆیاندا بگرن و جەختیشی لەوە کردەوە کە دەبێت ڕێز لەو ڕێککەوتنانە بگیرێت کە کراوە هەروەها یاسا و ڕیسا نێودەولەتییەکانیش لەبەرچاو بگیرێن. سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها جەختی لە هەنگاونان بەرەو چارەسەری سیاسی کردەوە و وتی لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە دانوستان هەیە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام؛ ئاشتییەک کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت، لەوانەش میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیارنامە پەیوەندیدارەکانی ڕێکخراوەکە.

Download metadata bundle
1 Sep 2026, 23:05 GMT

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، سێنتکۆم ڕایگەیاند هێزەکانی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە 1ی مانگی نۆ شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانیان بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران بە سەرکەوتوویی ئەنجامداوە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سێنتکۆم کە لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، هێرشەکانی ئەمەریکا پێگەکانی سەر بە سوپای پاسدارانیان کردووەتە ئامانج. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو ئامانجانەی هێرشیان کراوەتە سەر بریتی بوون لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی، ڕادار، کەرەستە و دامەزراوە دەریاییەکان، سیستەمی دانانی مین و ناوەندی پەیوەندییەکانی سوپای پاسداران. سێنتکۆم ڕایگەیاندووە ئەم هێرشانە لە وەڵامی چالاکییەکانی ئەم دواییەی سوپای پاسداران بووە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز و هەروەها هێرشکردنە سەر هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا. فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاندووە لە ئێستادا زیاتر لە 50 هەزار هێزی سەربازی ئەمەریکا لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیرکراون و ئەرکەکانیان ئەنجام دەدەن. سێنتکۆم جەختی لەوە کردووەتەوە ئەم هێزانە لە حاڵەتی ئامادەباشیدان و ئامادەن بەردەوام بن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان هەر کاتێک سەرۆکی ئەمەریکا فەرمان بکات. فەرماندەییەکە لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێزەکانی ئەمەریکا وریا و ئامادە بە کەرەستەی سەربازی پێویست لە ئامادەباشیدا دەبن بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زیاتر ئەگەر پێویست بکات.

Download metadata bundle
1 Sep 2026, 19:38 GMT

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانی ئەمەریکایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بارودۆخی ئەمنی ئاڵۆزە و ئەگەری پەرەسەندنی پێشبینینەکراوی گرژییەکان لە ناوچەکەدا لە ئارادیە. لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی سێشەممە 1ی مانگی نۆ بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتەکە داوای لە هاووڵاتیانی ئەمەریکایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە زیاتر وریا بن و ئامادەبن بۆ ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی ئاسمانی و پچڕانی گەشتەکان. هەروەها ئامۆژگاری ئەو کەسانەی کردووە کە پلانیان هەیە گەشت بکەن بۆ ناوچەکە یان لەوێەوە دەربچن و دەڵێت بەردەوام چاودێری دۆخی فڕۆکەخانە و کارەکانی هێڵی ئاسمانی بکەن. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها هۆشداری دا لەوەی کە ڕژێمی ئێران و ئەو گرووپانەی کە پشتیوانیان لێدەکەن، ڕەنگە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە دەرەوەی وڵات و شوێنەکانی پەیوەست بە ئەمەریکا و هاووڵاتیانی ئەمەریکا لە سەرانسەری جیهان لەوان کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان و دامەزراوەکانی دیکە بکەنە ئامانج. پێشتر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئۆرشەلیم هۆشدارییەکی نوێی ئاراستەی هاووڵاتیانی ئەمەریکا کردبوو. لە هۆشدارییەکەدا داوا لەو ئەمەریکایانە کراوە کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان، زیاتر وریا بن و ئاگاداری ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی ئاسمانی و پچڕانی گەشتەکان بن. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، سێنتکۆم، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند هێزەکانی ئەمەریکا هێرشیان بۆ سەر ئامانجەکانی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی لە ئێران دەستپێکردووە. فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە ئۆپەراسیۆنەکە دوای هەوڵەکانی ئەم دواییەی سوپای پاسداران دێت بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز و هەروەها هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا کە لە ناوچەکە جێگیرکراون.

Download metadata bundle
1 Sep 2026, 18:58 GMT

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکی نوێیدا لە تروث سۆشیال رایگەیاند، هێزەکانی ئەمەریکا، لەم ساتەدا ئامانجەکانی ئێران بۆردومان دەکەن لە نزیک گەرووی هورمز. ترامپ لەبارەی ئەو هێرشانەوە رایگەیاند "هێرشەکان گەورە و بەهێزن، و لە تۆڵەی هەوڵە شکستخواردووەکانی ئێرانن کە هەوڵی نانەوەی میینی دەریایی زیاتر لە گەرووەکە دەدەن." لەبارەی میینی دەرییاوە وتی "لە ئێستادا هیچی لێنیە (میینەکان بە تەواوەتی پاککراونەتەوە و تەقێندراونتەوە). وتیشی، ئێرانییەکان هەشت مووشەکیان هاویشت، هەر هەموویان سەرکەوتووانە خرانەخوارەوە لە بنکەی سەربازییمان لە ئوردن." هەروەها سەرۆک ترامپ نوسیوویەتی "ئەگەر وڵاتی شکستخواردووی ئێران تۆڵەبکاتەوە لەبەرامبەر ئەم هێرشە زۆر پاساودراوەدا، دیسانەوە لێیان دەدەینەوە زۆر بە سەختتر و توندتر." لە کۆتایی نوسینەکەیدا باسی سەختی هێرشی دواتر دەکات ئەگەر ئێران کاردانەوەی هەبێت و دەڵێت "بەڵام ئەمە گەورەترین هێرش نابێت بۆ سەریان، ئەوەیانمان بۆ هەڵگرتوون، کە تەواوبوو رژێمی کۆماری ئیسلامی هیچی نامێنێتەوە."

Download metadata bundle
1 Sep 2026, 17:18 GMT

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا (سینتکۆم) لە پێگەی خۆی لە ئێکس بڵاویکردەوە "ئەمڕۆ کاتژمێر دوازدەی نیوەڕۆ بەکاتی واشنتن هێزەکانی ئەمەریکا دەستیانکرد بە بۆردوماکردنی ئامانجەکانی سوپای پاسدارانی ئێران." هەروەها باس لەوەشدەکات "ئەو هێرشانە لە دوای هەوڵەکانی سوپای پاسداران دێن بۆ هێرشکردنە سەر کەشتیوانیی بازرگانی لە تەنگەی هورمز و سەربازەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە." لەلایەکی دیکەوە راپۆرتی جۆراوجۆر باس لە چەندین تەقینەوە دەکەن لە چەند شارێکی باشووری ئێران، لە نێویاندا بەندەر عەباس و دورگەی قشم. لە هەمان کاتدا هەواڵی تەقینەوەکان لە چابەهار و کۆناراک بیستران. تاوەکو ئێستا شوێن و ئامانجی هێرشەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست نەکراونەتەوە.

Download metadata bundle
1 Sep 2026, 16:07 GMT

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند لە ئۆپەراسیۆنێکدا موعین محەمەد عەرەبیدی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی گشتی حەماسی لە غەززە دەستگیرکردووە. کەناڵی 12 ی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە 31 ی هەشت بڵاویکردەوە کە سوپای ئیسرائیل عەرەبیدی بە برینداریی دەستگیرکردووە و گواستراوەتەوە بۆ ئیسرائیل. هەواڵەکە لەلایەن وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئیسرائیل کاتز ڕاگەیەنرا. کاتز لەو بارەیەوە وتی "ئێمە چاوەڕوانی هەڕەشە ناکەین. ئێمە دوای کاربەدەستانی حەماس دەکەوین و پلانەکانیان پوچەڵ دەکەینەوە و ژێرخانی تیرۆریستییان وێراندەکەین." وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشدا " ئێمە ناوچەیەکی ئاسایشی بەهێز و بێوێنەمان لە غەززە دروستکردووە بۆ پاراستنی خەڵک و سەربازەکانی سوپای ئیسرائیل." وتەبێژێکی سوپای ئیسرائیل وتی "سوپای ئیسرائیل هێرشیکردە سەر چەند ئامانجێک لە کەرتی غەززە بۆ لەناوبردنی هەڕەشەکانی سەر هێزەکانمان." ئەوەشی وت کە لە ماوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا هیچ ئەندامێکی هێزەکانی ئیسرائیل زیانی پێنەگەیشتووە. لەسەر پێشنیازی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا لە مانگی یەکی ئەمساڵدا ئاگربەست لە غەززە ڕاگەیەنرا و پلانی ئاشتی 20 خاڵی لەنێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان لە غەززە پێشکەش کرا. پلانێک کە بە "پلانی ئاشتی ترەمپ" ناسراوە. بەپێی ئەو پلانە، حەماس دەبێت بە تەواوی چەکدابنێت و سوپای ئیسرائیل وردە وردە لە غەززە بکشێتەوە و بەڕێوەبردنی داهاتووی ناوچەکە لەلایەن لیژنەیەکی تەکنۆکراتی کەسانی فەڵەستینییەوە بەڕێوەببرێت. حەماس سەرەتا دژی دانانی چەک بوو، بەڵام دواتر لە ژێر فشاری ئەمەریکا و وڵاتانی عەرەبی و موسڵماندا ناچاربوو پرۆسەی چەکدانان قبوڵبکات. لەو کاتەوە هەندێک جموجۆڵی سەربازیی گوماناوی لەلایەن ئەندامانی حەماسەوە هەبووە کە ڕووبەڕووی کاردانەوەی توندی ئیسرائیل بوونەتەوە.

Download metadata bundle
1 Sep 2026, 13:22 GMT

ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشت بەستن بە دوو بەرپرسی ئەمەریکایی بڵاویکردووەتەوە کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکایی نۆرث ئەمەریکەن بڵو ئینێرجی پارتنەرز، کێڵگە نەوتییەکانی ڤەنزوێلا دەگرێتە دەست کە پێشتر لەلایەن پێنج کۆمپانیای چینی و کۆمپانیایەکی ڕووسییەوە کۆنتڕۆڵ کرابوون. ئەو دوو بەرپرسە ئاماژەیان بەوەشکردووە گواستنەوەی نەوتەکە بەشێکە لە ڕێککەوتنێکی بەرفراوانتر بۆ بەرهەمهێنانی نەوت کە دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ڤەنزوێلا ڕایگەیاند. بە وتەی ئەو بەرپرسانە، ئەو پڕۆژانە لەنێو ئەو 14 ڕێککەوتنەدان کە بەم دواییە بەو کۆمپانیا ئەمەریکاییانە دراوە. ئەم ڕێککەوتنانە پێگەیەک بە کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان دەدات لە سەروەت و سامانی ستراتیژیی نەوتی ڤەنزوێلا کە وادەکات چین و ڕووسیا کە ساڵانێکە ڕۆڵێکی دیاریان لە کەرتی وزەی ئەو وڵاتەدا گێڕاوە، بخرێنە پەڕاوێزەوە. سەرۆک ترامپ چەند ڕۆژ پێش ئیستا ڕایگەیاند ئەمەریکا بە بەشداری لەگەڵ کەرتی تایبەت دەستی بە نزیکەی 64 ملیار بەرمیل لە یەدەگی نەوتی ڤەنزوێلا گەیشتوە. کۆمپانیای بڵو ئینێرجی پارتنەرز لە ئەمەریکای باکوور پێشتر هەری سارجنت، گەورە کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکایی خاوەنی بوو، ئێستا لەلایەن بازرگانێکی ڤەنزوێلایی، ئەلیخاندرۆ بیتانکۆرەوە خاوەندارێتی دەکرێت. بێتانکۆر لە بەیاننامەیەکدا گرێبەستەکەی پشتڕاستکردەوە و دەڵێت "ڤەنزوێلا خاوەنی سامانی سروشتی زۆر و گەلێکی ماندوو و توانای بەکارنەهێنراوی هەیە. ئەم گرێبەستە ئەو توانایە دەخاتە کار و سوودێکی زۆری بۆ ڤەنزوێلا و ئەمەریکاییەکان هەیە." کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە کۆنترۆڵی کارکردنی ئەو کارەی بە دەستەوە هەیە و حکومەتی ئەمەریکاش مافی بەدەستهێنانی 35%ی پشکەکانی هەیە لەگەڵ "دەستگەیشتن بە ئیمتیازات" بۆ 20%ی بەرهەمی کۆمپانیاکە. کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەشکردووە کۆمپانیاکە مافێکی پێشوەختەی بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش داوە بۆ کڕینی 80%ی بەرهەمەکەی کە دەمێنێتەوە. هەروەها ئەمەریکا دەسەڵاتی ڤیتۆی بەسەر دەستەی بەڕێوەبەر و کارگێڕانی کۆمپانیاکەدا دەبێت. پێنج لە کۆی 14 کێڵگەکەی ڤەنزوێلا لەلایەن کۆمپانیا چینییەکانەوە بەڕێوەدەبرا و بەپێی مۆدێلێک کە لەلایەن نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی پێشووی ڤەنزوێلاوە پەرەی پێدەدرابوو. یەکێک لە کێڵگەکانیش پێشتر لەلایەن کۆمپانیایەکی ڕووسییەوە خاوەندارێتی دەکرا.

Download metadata bundle
1 Sep 2026, 12:13 GMT

مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پەڕەی خۆی لە ئێکس باس لە ڕژێمی ئێران دەکات کە تەنها خەمی پارەکانی خۆیەتی بە مەبەستی هێشتنەوەی ڕژێمەکەی. واڵتز وتوێژێکی خۆی لەگەڵ فاکس نیوز بڵاوکردووتەوە و لە درێژەی نووسینەکەیدا دەڵێت " ڕژێمی ئێران باکی بە میللەتەکەی نیە. تەنها خەمی پارەیەتی لەپێناو هێشتنەوەی کۆنترۆڵی ڕژێمەکەی." هەروەها باس لەوەدەکات کە سەرۆک ترامپ پارەی ڕژێمەکە دەکاتە ئامانج. هەروەها مایک واڵتز بانگهێشتی جیهان دەکات کە چیتر چاوپۆشیی نەکەن لە کارەکانی ڕژێمی ئێران و داوا لە وڵاتان دەکات ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە سەپاندنی ئابڵوقە داراییەکان و دەڵێت "ئەو بانک و کۆمپانیا وەهمییانە مەهێڵن کە وادەکەن ڕژێمەکە لەڕووی داراییەوە بەردەوام بێت." هەروەها داواشیان لێدەکات "ئەو ڕایەڵە ئابوورییانە بپچڕێنن کە ژیانی رژێمەکەیان لەسەر بەندە."

Download metadata bundle
31 Aug 2026, 18:53 GMT

وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا سکۆت بەسێنت،لە کۆبوونەوەی لوتکەی جی 20 ڕایگەیاند، ئێران لە ڕووی ئابوورییەوە شکستی هێناوە و دەیەوێت بە هێرشی سەربازی تۆڵەی خۆی بکاتەوە. هەروەها سوپاسی یەکێتی ئەوروپای کرد کە "پشتیوانی بەرفراوانیان بۆ ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیری ئابووری ئەمەریکا دژی ئێران دەربڕیوە. سکۆت بەسێنت، وتی یەکێتی ئەوروپا ئەمڕۆ "بە ڕوونترین و یەکلاکەرەوەترین شێوە ڕایگەیاند کە پشتگیری لەم ئۆپەراسیۆنە دەکەن." ئەمەریکا لەم دواییانەدا ڕایگەیاند کە هەڵمەتێک بۆ "گۆشەگیرکردنی ئابووری" ئێران دەستپێدەکات و هەموو ئەو لایەنانەی کە بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکەن دەخەنە لیستی سزاکانەوە. کۆبوونەوەی ئەمڕۆی وەزیرانی دارایی و بەڕێوەبەرانی بانکی ناوەندی جی 20 کە ئەمەریکا میوانداری دەکات، دوای ئەوە دێت کە شەوی ڕابردوو ئێران و ئەمەریکا بۆ یەکەمجار لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا هێرشیان بۆ سەر یەکتر ئەنجام دا.

Download metadata bundle
31 Aug 2026, 18:21 GMT

سوپای ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، بە مەبەستی زیادکردنی بەرهەمهێنان و خێراکردنی گەیاندنی پێکهاتە سەرەکییەکانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی و مووشەکی تاد و پەتریۆیت، ڕێککەوتنی نوێی لەگەڵ سێ کۆمپانیا واژۆ کردووە. بەپێی پنتاگۆن، ئەو ڕێککەوتنانە بۆ ماوەی حەوت ساڵن و بە تایبەتی پەیوەندییان بە پێکهاتەکانی سیستەمی تاد و مووشەکە بەرگرییەکانی پاتریۆت هەیە. ئەم هەنگاوە بەشێکە لە زنجیرە ڕێککەوتنێکی پەنتاگۆن لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرگری، بۆ چارەسەرکردنی کەمبوونەوەی هەندێک چەکی پێشکەوتوو و زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی ناوخۆی ئەمەریکا. مایکڵ پی. دافی، جێگری وەزیری جەنگ بۆ کڕین و بەردەوامی، لە بەیاننامەیەکدا وتی، جەبەرال داینامیکز و لاکهێد ماتیم وەڵامی پێویستییەکانی حکومەتەکەیان داوەتەوە. وتیشی حکومەت کار دەکات بۆ کەمکردنەوەی بەربەستە بیرۆکراسییەکان، کورتکردنەوەی ماوەی بەرهەمهێنان و زیادکردنی خێرای توانای پیشەسازیی ناوخۆی ئەمەریکا. بەپێی کۆمپانیای لاکهێد مارتین، سیستەمی تاد بۆ بەرگری لە مووشەکە بالیستیکییە کورت خایەن، مامناوەندەکان دیزاین کراوە و دەتوانێت لە قۆناغەکانی کۆتایی گەشتی مووشەکدا ئامانجەکە بپێکێت. لە بەرامبەردا، سیستەمی پاتریۆت جگە لە مووشەکە بالیستیکییەکان، دەتوانێت بۆ بەرگری لە مووشەکی کروز و فڕۆکەی دوژمنیش بەکاربهێنرێت. کۆمپانیای جەنەراڵ داینامکیش لە بەیاننامەیەکدا وتی، ئەم ڕێککەوتنە بەشێکە لە هەوڵەکانی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا بۆ زیادکردنی خێرای توانای بەرهەمهێنانی سیستەمە گرنگەکانی بەرگری یەکگرتووی ئاسمانی و مووشەکی. ئەم ڕێککەوتنانە لە کاتێکدا دەکرێن کە پنتاگۆن هەوڵ دەدات کۆگاکانی چەک و مووشەکە پێشکەوتووەکانی بەهێز بکاتەوە و توانای پیشەسازیی بەرگریی ئەمەریکا بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆی و هاوپەیمانەکانی زیاد بکات.

Download metadata bundle
31 Aug 2026, 17:12 GMT

وەزارەتی بەرگری ئیمارات ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، هێزی ئاسمانی وڵاتەکەیان ڕێگری لە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کردووە کە لە ئێرانەوە ئاڕاستەی وڵاتەکە کرابوو، بەڵام وردەکاری زیاتری سەبارەت بە هێرشەکە نەخستەڕوو. وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەوە کردەوە کە "هێزە چەکدارەکان ئامادەکاری تەواویان هەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەک، سیستەمی بەرگری ئاسمانیش 24 کاتژمێر چالاکە بۆ چاودێریکردنی ئاسمانی وڵاتەکە و بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک. دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانی بە دوایین هێرشی "شەڕانگێزی" وەسف کرد و ڕایگەیاند کە "ئیمارات مافی تەواو و ڕەوای خۆیەتی وەڵامی ئەو هێرشانە بداتەوە" و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم هێرشانە دەکات. وەزارەتەکە به توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و ڕایگەیاند، پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکەیانە، هەروەها هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی وڵات و دانیشتووانی وڵاتەکەی.

Download metadata bundle
31 Aug 2026, 17:02 GMT

جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، دەڵێت ئەو ڤیدیۆیەی سەرۆک دوناڵد ترامپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردووەتەوە کە هێرشێک بۆ سەر دوورگەی خارگ نیشان دەدات، ڕاگەیاندنی هەنگاوێکی سەربازی نییە، بەڵکو پەیامێکە بۆ ئێران. ڤانس لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسان لە فڕۆکەخانە، پێش گەشتێکی بۆ میشیگن، گوتی سەرۆک ترامپ حەز دەکات جاروبار شێوازی پەیامەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بگۆڕێت، بەڵام بەپێی وتەی ئەو، ترامپ "ڕاگەیاندنی دەربارەی هەنگاوە سەربازییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناکات." جێگری سەرۆکی ئەمەریکا گوتی پێی وایە مەبەستی ترامپ لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە ناردنی پەیامێکە بۆ تاران، بە تایبەتی لە پەیوەندی بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتیوانیی بازرگانی. ڤانس گوتی: "ئێمە دەزانین کە ئەوان بەردەوامن لە تەقەکردن لە کەشتییە بازرگانییەکان. ئێمەش هێشتا ئامراز و هەڵبژاردەی زۆرمان لەبەردەستدایە بۆ ڕێگریکردن لەوان، یان لانیکەم کەمکردنەوەی ئەم کارانەیان." ڤانس هەروەها گوتی پەیامی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئێران ئەوەیە کە هێرشکردنە سەر کەشتیوانیی بازرگانی دەبێت بوەستێت و ئەگەر بەردەوام بێت، دەرئەنجامی لێ دەکەوێتەوە. ترامپ پێشتر ڤیدیۆیەکی دروستکراو بە زیرەکی دەستکردی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوکردەوە کە وێنەی هێرشێک بۆ سەر دوورگەی خارگ نیشان دەدات. خارگ یەکێکە لە گرنگترین ناوەندەکانی هەناردەکردنی نەوتی ئێران. بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیە پرسیاری لەبارەی مەبەستی پەیامەکە و ئەگەری هەنگاوی زیاتر لەلایەن واشنتنەوە دروست کردووە.

Download metadata bundle