US Agency for Global Media

News and Information from Around the World

← Back to Direct feed
Download metadata bundle

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداریی دەداتە هاووڵاتیانی سەبارەت بە پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکە

1 Sep 2026, 19:38 GMT
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداریی دەداتە هاووڵاتیانی سەبارەت بە پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانی ئەمەریکایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بارودۆخی ئەمنی ئاڵۆزە و ئەگەری پەرەسەندنی پێشبینینەکراوی گرژییەکان لە ناوچەکەدا لە ئارادیە. لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی سێشەممە 1ی مانگی نۆ بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتەکە داوای لە هاووڵاتیانی ئەمەریکایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە زیاتر وریا بن و ئامادەبن بۆ ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی ئاسمانی و پچڕانی گەشتەکان. هەروەها ئامۆژگاری ئەو کەسانەی کردووە کە پلانیان هەیە گەشت بکەن بۆ ناوچەکە یان لەوێەوە دەربچن و دەڵێت بەردەوام چاودێری دۆخی فڕۆکەخانە و کارەکانی هێڵی ئاسمانی بکەن. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها هۆشداری دا لەوەی کە ڕژێمی ئێران و ئەو گرووپانەی کە پشتیوانیان لێدەکەن، ڕەنگە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە دەرەوەی وڵات و شوێنەکانی پەیوەست بە ئەمەریکا و هاووڵاتیانی ئەمەریکا لە سەرانسەری جیهان لەوان کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان و دامەزراوەکانی دیکە بکەنە ئامانج. پێشتر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئۆرشەلیم هۆشدارییەکی نوێی ئاراستەی هاووڵاتیانی ئەمەریکا کردبوو. لە هۆشدارییەکەدا داوا لەو ئەمەریکایانە کراوە کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان، زیاتر وریا بن و ئاگاداری ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی ئاسمانی و پچڕانی گەشتەکان بن. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، سێنتکۆم، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند هێزەکانی ئەمەریکا هێرشیان بۆ سەر ئامانجەکانی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی لە ئێران دەستپێکردووە. فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە ئۆپەراسیۆنەکە دوای هەوڵەکانی ئەم دواییەی سوپای پاسداران دێت بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز و هەروەها هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا کە لە ناوچەکە جێگیرکراون.