بەرپرسێکی ئەمەریکا دەڵێت هێرشەکانی ئێران زیانێکی بەرچاویان نەبووە
کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی سێشەممە 1ی مانگی نۆ لە بەرامبەر شەپۆلی نوێی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکان لە ئێران، بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر سەر پێگەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە. بەرپرسێکی ئەمەریکا بە ئەلعەرەبیەی ڕاگەیاندووە هێرشەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر ئوردن زیانێکی بەرچاویان نەبووە. هێزە چەکدارەکانی ئوردن ڕایانگەیاند سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەو وڵاتە بەرپەرچی 13 مووشەکی بالیستیکی ئێرانیان داوەتەوە و بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، 10 مووشەکیان تێکشکێندراون و سێ مووشەکی دیکەش لە ناوچەی چۆڵ و بێ دانیشتوو کەوتوونەتە خوارەوە. تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەبارەی زیانی گیانی ئەو هێرشانە ڕانەگەیەندراون. هەروەها سوپای پاسدرانی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کەمپێکی نیشتەجێبوونی هێزەکانی ئەمەریکای لە ئوردن کردووەتە ئامانج. لە هەمان کاتدا ڕاپۆرتی هەڵدانی مووشەک لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئێران لەوان کرماشان، یەزد و خومەین بڵاو کراوەتەوە. ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چەندین جار دەنگی هەڵدانی مووشەک و تەقینەوە لەو ناوچانە بیستراوە، بەڵام وردەکارییەکان سەبارەت بە ئامانجی ئەو هەڵدانانە و ئەنجامەکانیان هێشتا بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست نەکراوەتەوە. سوپای پاسداران هەروەها ڕایگەیاند بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بنکەی شێخ عیسایان لە بەحرەین کردووەتە ئامانج. ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە ناوەندەکانی هێزەکانی ئەمەریکا و بەشێک لە دامەزراوەکانی ئەو بنکانەی کردووەتە ئامانج و هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی زیاتریش دەکات. لە پێشهاتێکی دیکەدا، کوەیت ڕایگەیاندووە سیستەمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی بەرپەرچی هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کۆماری ئیسلامی داوەتەوە و داوای لە هاووڵاتیانیشی کردووە پابەندی ڕێنماییە ئەمنییەکان بن. ئەم هێرشانە لە وەڵامی شەپۆلی نوێی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە باشووری ئێران ئەنجام دراون. سێنتکۆم ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمەریکا هێرشی نوێیان بۆ سەر پێگەکانی سوپای پاسداران دەستپێکردووە دوای هەوڵەکانی ئەم دواییەی سوپای پاسداران بۆ هەڕەشەکردن سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز و هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا. دەنگی تەقینەوە لە پارێزگاکانی هورمزگان، کرمان و خوزستان پشتڕاستکراوەتەوە.