وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا: دەرفەتی ئێران بۆ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بەسەرچووە
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، دەڵێت کێشەی سەرەکی لەگەڵ ئێران ئەوەیە کە نابێت ڕێگە بدرێت دەستی بە چەکی ناوەکی بگات. روبیۆ لە وتووێژێکدا لەگەڵ برایان کیلمید لە بەرنامەی «فاکس و هاوڕێیان»ی کەناڵی فاکس نیوز، وتی ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی دەدات بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوام هەڕەشە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وتیشی، تا ئەو کاتەی ئێران بەردەوام بێت لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی، دەبێت باجی ئەو هەوڵانە بدات. روبیۆ گوتی: «ئەو تێچووە بە پلەی یەکەم ئابووری دەبێت، بەڵام هەروەک وتمان، ئێمە مافی خۆمان بە پارێزراو دەزانین کە نەک تەنها بەرگری لە خۆمان بکەین ئەگەر هێرشمان بکرێتە سەر، بەڵکو پێش بەوەش بگرین کە ببنە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئێمە و کەسانی دیکە.» روبیۆ لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە خواستی سەرکۆماری ئێران بۆ گەڕانەوە بۆ یادداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران، وتی ئەو دەرفەتە بۆ ئێران بەسەرچووە. جەختی لەوەش کردەوە کە ئەمەریکا لە هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە تەنگەی هورمز «بە تەواوی ڕژدە». روبیۆ هەروەها وتی، هەرچەندە ئامرازی سەرەکی واشنتن بۆ فشار خستنە سەر ئێران فشار و سزای ئابوورییە، بەڵام ئەمەریکا مافی خۆی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە تەنگەی هورمز بە پارێزراو دەزانێت. وتیشی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە بە ئامانجگرتنی ئەو کەشتی و ئامرازانەی کە هەڕەشە بۆ سەر ئازادی کەشتیوانی و هاتووچۆی دەریایی لە تەنگەی هورمز دروست دەکەن.