US Agency for Global Media

News and Information from Around the World

← Back to Direct feed
Download metadata bundle

ترامپ ڕاپۆرتی واشنتۆن پۆست سەبارەت بە ڕۆڵی نوێی سوریا بە زۆرباش ناودەبات

3 Sep 2026, 16:32 GMT
ترامپ ڕاپۆرتی واشنتۆن پۆست سەبارەت بە ڕۆڵی نوێی سوریا بە زۆرباش ناودەبات

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕاپۆرتێکی واشنتۆن پۆستی سەبارەت بە پێشهاتە ئابووری و وزەییەکانی سوریا لە سۆشیال میدیای خۆی لە تروث بڵاوکردەوە و بە نایاب و زۆرباش ناوی برد. ڕاپۆرتەکە باس لە هەوڵەکانی حکومەتی نوێی سوریا دەکات بۆ گۆڕینی وڵاتەکە بۆ ڕێڕەوێکی گەورەی ترانزێتی وزە و کاڵا لە نێوان وڵاتانی کەنداو و دەریای ناوەڕاست و ئەورووپا. بەگوێرەی زانیارییەکانی واشنتۆن پۆست، ڕۆژانە نزیکەی 5 هەزار نەوتهەڵگر لە باشووری عێراقەوە دەگوازنەوە بۆ بەندەری بانیاسی سوریا. لە هەمان کاتدا بەڕێوبەرایەتی ترامپ پشتگیری لە پلانەکانی دروستکردنی بۆرییەکی گەورەی نەوت لە نێوان بەسرە لە باشووری عێراق و بەندەری بانیاس لە سوریا کردووە. ئەو بۆرییە کە درێژییەکەی نزیکەی هەزار و شەش سەد کیلۆمەتر دەبێت و توانای گواستنەوەی 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا دەبێت و مەزەندە دەکرێت نزیکەی 5.7 ملیار دۆلاری تێچووی دروستکردنەکەی بێت. هەروەها تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا، پۆستەکەی سەرۆک ترامپی دووبارە بڵاوکردووەتەوە و لە وەڵامدا نووسیویەتی سوپاس بۆ سوریا. ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست نووسیویەتی، ئەگەر ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ بکرێت، سوریا دەتوانێت ببێتە ڕێگایەکی بەدیل بۆ گواستنەوەی وزە و کاڵاکان و وابەستەیی وڵاتانی ناوچەکە بە تەنگەی هورمز کەم بکاتەوە. بەڵام ئاسایشی ڕێڕەوی بۆرییەکە، چالاکیی گرووپە چەکدارەکان، ژێرخانی لاواز و نەبوونی وەبەرهێنان وەک گرنگترین ئاستەنگەکانی بەردەم ئەم پڕۆژانە دەستنیشانکراون.