کۆمەڵەی پارێزەران بۆ ئازادی: 10 کەس بە پاساوی بەشداری لە پرسەی ئەندامانی پەکەکە لە ئامەد دەستگیرکراون
لقی ئامەدی کۆمەڵەی پارێزەران بۆ ئازادی ڕایگەیاند ئەمڕۆ پێنجشەممە،3ی مانگی نۆ، لانیکەم 10 کەس لە ئامەد بە بیانووی بەشداریکردن لە پرسەی ئەندامانی پەکەکە دەستگیرکراون و ئەو کۆمەڵەیە داوای ئازادکردنیان دەکات. بەگوێرەی کۆمەڵەکە، ئەو کەسانە بەپاساوی "بەشدارییان لە پرسەی ئەندامانی پەکەکە کە لە کاتی جیاجیا لە پێکدادانەکاندا گیانیانلەدەستداوە، دەستگیر کراون." کۆمەڵەکە نووسیویەتی ئەم دەستگیرکردنانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن یاسای چوارچێوە "بڕیارە هیوا بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگایەکی دیموکراتی بەهێزتر بکات" و باس لەوەش دەکەن کە "ئەم هەنگاوە لەگەڵ ڕۆحی ئەو پرۆسەیەدا ناگونجێت." هەروەها کۆمەڵەکە باس لەوەداکات بە تاوانکردنی سەرەخوشیکردن "ناپەسەندە، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە دەبێت دیدگای ئاشتی بەهێزبکرێت." و باس لەوەش دەکەن کە "کۆمەڵگایەکی دیموکرات بە سیاسەتی فشار و دەستبەسەرکردن بنیاد نانرێت." بەگوێرەی میدیا خۆجێییەکان، ئۆپەراسیۆنەکە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی فەرمانگەی داواکاری گشتیی ئامەد ئەنجامدراوە و دەستگیرکراوەکان لاوانی پارتی هەدەپەن. باس لەوەشدەکەن کە لەوانەیە ژمارەی دەستگیرکراوەکان زیاد بکات. هێزە ئەمنییەکان تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەبارەی هۆکاری ئەو دەستگیرکردنانە نەداوە.