US Agency for Global Media

News and Information from Around the World

← Back to Direct feed
Download metadata bundle

سەرۆک ترامپ: ئەو کەس و میدیایانەی دەڵێن ئەمەریکا چەکی نییە خیانەتکارن

3 Sep 2026, 17:40 GMT
سەرۆک ترامپ: ئەو کەس و میدیایانەی دەڵێن ئەمەریکا چەکی نییە خیانەتکارن

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە،3ی مانگی نۆ بە ڕەتکردنەوەی ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن چەکی ئەمەریکا لە میانەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی کۆماری ئیسلامی ئێراندا کەمی کردووە، وتی "ئەمەریکا بڕێکی بێسنوور چەکی هەیە و بەرهەمهێنان و عەمبارکردنی چەکیشی زیاد کردووە." سەرۆک ترامپ لە دوو پۆستی یەک لە دوای یەکدا لە پلاتفۆرمی تروث سۆشیال، بە توندی ڕەخنەی لەو میدیا و ئەو کەسانە گرت کە باس لە کەمبوونەوەی چەک و تەقەمەنی ئەمەریکا دەکەن و بە خائین ناوی بردن. سەرۆک ترامپ وتی "جگە لەوەش ئێمە لە ئاستێکی بێ وێنەدا چەک بەرهەمدەهێنین. ئێمە خەریکی کۆکردنەوە و ئامادەکارین بۆ هەر ئەگەرێک کە لەوانەیە سەرهەڵبدات. ئێمە ئەم چەکانە بۆ خۆمان دروستدەکەین، بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، نەک بۆ فرۆشتن بە کەسانی دیکە؛ بەڵام فرۆشتنیش بە هاوپەیمانان بەم زووانە دەستپێدەکاتەوە." سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیامێکی دیکەدا ئاماژە بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمەریکا دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات، سەرۆک ترامپ وتی ئەمەریکا "بڕێکی زۆر بێسنوور چەکی مامناوەند تا ئاست بەرزی هەیە و ئەمش زۆر زیاترە لەوەی کە ئەمەریکا دەکرێت لە شەڕێکدا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی یان هەر شەڕێکی دیکەی ئەگەری بەکاریبهێنێت." لە ماوەی شەش مانگی دوای شەڕی ئەمەریکا لەگەڵ ئێران، میدیاکان و ژمارەیەک لە شارەزایان چەندین جار باسیان لەوە کردووە کە ئەمەریکا بڕێکی زۆر لە چەکە گرانبەهاکانی خۆی بۆ ئەم شەڕە خەرج کردووە و دەڵێن پڕکردنەوەی شوێنی ئەم چەکانە نەوەک تەنها چەند مانگێک، ڕەنگە چەند ساڵانێک ببات تا قەرەبوو بکرێنەوە و ئەم دۆخەش پێگەی واشنتنی لاواز کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەکانی دیکەدا. سەرۆک ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە لە پۆستەکەیدا دیسانەوە باسی ئەو بابەتەی کرد و نووسی "ئەو کەس و میدیایانەی بەردەوام ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێمە هیچ چەکێکمان نییە و کە سەد لە سەدیش هەڵەن، لە ڕاستیدا خائین و خیانەتکارن، ئەوان پێیان خۆشە ئەمەریکا لە شەڕێکدا کە تێیدا خەریکە بە ئاسانی سەردەکەوێت، بدۆڕێت لە بری ئەوەی من سەرکەوم."