ئەمەریکا پاداشتی تا 10 ملیۆن دۆلار دیاری دەکات بۆ هەر کەسێک زانیاری لەسەر بەرپرسێکی باڵای سوپای پاسداران بدات
بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەتی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە 3ی مانگی نۆ، پرۆگرامی پاداشت بۆ دادپەروەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، پاداشتی نەختینی تا 10 میلیۆن دۆلاری پێشکەش کردووە بۆ ئەو کەسانەی کە دەبنە هۆی ناسینەوە یان زانیاری لەسەر ئەمیر یاریاب، بەرپرسێکی باڵای فەرماندەیی سایبری- ئەلیکترۆنی لە سوپای پاسدارانی ئێراندا. بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، یاریاب بەرپرسی جێگری ئۆپەراسیۆنە ئەلیکترۆنیەکانە بۆ فەرماندەیی ئەلیکترۆنی سوپای پاسداران و چەند یەکەیەک لە ژێر ئەم فەرماندەیەدا بەڕێوەدەبات، لەوانە یەکەکانی "شەهید هێممەت" و "شەهید شوشتەری." پرۆگرامی پاداشت بۆ دادپەروەری ڕایگەیاندووە ئەو خەڵاتە دەبەخشرێتە ئەو کەسانەی کە دەبنە هۆی ناسینەوە یان شوێنی ئەو کەسانەی کە لە ژێر ئاڕاستە یان کۆنترۆڵی حکومەتە بیانییەکاندا بەشدارییان لە چالاکییە ئەلیکترۆنییە تێکدەرەکان کردووە دژی ژێرخانی گرنگی ئەمەریکا. بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی ئەمەریکا، گروپە ئەلیکترۆنیەکانی پەیوەست بە فەرماندەیی سایبری سوپای پاسداران لە ئۆپەراسیۆنە ئەلیکترۆنییەکان و هەواڵگرییەکانی دژ بە ژێرخانی گرنگ لە ئەمەریکا و ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەشدار بوون. ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنەکە بریتین لە کەرتەکانی بەرگری، میدیا، کەشتیوانی، گەشت و گەشتیاری، لەوانە هۆتێل و هێڵی ئاسمانی و هەروەها وزە و دارایی و پەیوەندییەکان.